هاوکات لەگەڵ سوڕانەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو لەسەر شاری دێرەزوور، تەقێنەوەیەکی گەورە لە بنکەی فەرماندەیی و کۆگای چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور تەقیونەتەوە و خەسارێکی گەورە گەیشتۆتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش سووڕانەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو لەسەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بنکەی فەرماندەیی و کۆگای چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەقیوەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەهۆی ترس لە بۆمبارانی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل بنکە و بارەگاکانیان لە زۆربەی شارەکانی سووریە دەگوازنەوە بۆ شاری ئەبوو کەماڵ و بەتایبەتی شاری دێرەزوور لە نزیک سنوورەکانی سووریە و عێراق کە ئەو ناوچانە بەتایبەتی لەژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دان.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٧٠ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەناسراوەکان زیاتر لە ١١ بنکە و مۆڵگە و کۆگای چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەکانی سووریە بۆمباران کردووە و لە ئاکامدا بە دەیان کەس لە میلیشیاکان کوژراو و بریندار بوون.