نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، سەرەڕای ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەتایبەتی مافی ژنان، بە دەوڵەتی تاڵیبانی ڕاگەیاند کە ئەمریکا پارە بڵوکەکراوەکانی ئەفغانستان بۆ تاڵیبان ئازاد ناکات.
تام وێست، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: بەرپرسانی ئەمریکایی زۆر بە ئاشکرا بە تاڵیبانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر تاڵیبان بە جێگەی وتووێژ لەگەڵ ئەفغانەکان لە ڕیگەی سەربازییەوە بیهەوێت سەرکوتی نەیارانی و سەربازانی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان بکات و مافی مرۆڤ ڕەچاو نەکات، هەموو یارمەتییەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ ئەفغانستان رادەگرێ وتەنانەت پارە بلۆکە کراوەکان بۆ تاڵیبان ئازاد ناکات.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: ئەمریکا دیپلۆماسییەکی ڕوون و ئاشکرای لەگەل تاڵیبان هەیە و بۆ ئەوەیکە ئەمریکا تاڵیبان بە دەسەڵاتی یاسایی بزانێ و پشتیوانی لەو گرووپە بکات و بەفەرمی بناسێ، دەبێ تاڵیبان بە کردەوە بیسەلمێنێ کە ڕووبەڕووی گرووپە تێرۆریستییەکان دەبێتەوە و ئیزن نادات کە ئەفغانستان ببێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان و مافی کەمینە ئایینییەکان لەو وڵاتە پارێزراو بێ و ژنان لە ئەفغانستان هەموو مافە ئینسانییەکانیان بۆ دابین بکرێ و کچان ئەفغانستان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان.