بەڕێوەبەرى پزیشکىدادی پارێزگاى کرماشان ڕایگەیاند:
لە ٧ مانگى سەرەتای ئەمساڵ، ٣٠٣ کەس بە هۆى ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگاوبانەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ناوەندەی ڕێژیم،ئەم ژمارەیە لە چاو ساڵى ڕابردوو زیادى کردووە.
لەو ٣٠٣ قوربانییەی ئەمساڵ، ٢٢٩ کەسیان پیاو و ٧٤ کەسى تریشیان ژن بوون کە ٧١ کەسیان لە ڕووداوی هاتوچۆی نێو شارەکانی پارێزگای کرماشان و ١٩٧ قوربانى تریشیان لە دەرەوەى شار و ئەوانى دیکە لە ڕووداوی هاوشێوە بەڵام جیاواز بووە .
ژمارەى بریندارانى ئەم ٧ مانگە ، ٥٦٨١ کەس بووە و بریندارەکانى ئەمساڵیش لە چاو ساڵى پار ٥٠٠ کەسیان زیاترە.
جێگای ئاماژەیە کە رێگا و بانەکانی کوردستان و هەروەها ماشینی ناستاندارد هۆکاری سەرەکی کوژرانی خەڵکی کوردستان و بە گشتی ئێرانن و ساڵانە ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ سەدان هەزار کەس تێدەپەڕێنێ.