درێژەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و کۆماری ئازەربایجان، هەڕەشەیەکی توند و بێڕێزیی سەرۆککۆماری ئازەربایجانی لێکەوتەوە،.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا “ئیلهام عەلییێڤ”، سەرۆککۆماری وڵاتی ئازەربایجان، بە پشتبەستن بە هێزی سەربازی و کەرەستەی شەڕکەر و بەتایبەت فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا بە شیوەیەکی بێڕێزانە هەڕەشەیەکی توندی لە ئەرمەنستان و ناڕاستەوخۆش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و وتی: “برایانی ئێمە لە ئەرتەشی تورکیە فڕۆکە شەڕکەرە “ئێف ١٦”کانیان ڕادەستی ئێمە کردووە، ئەگەر هەر کەس و لایەنێک هەڕەشە لە ئێمە بکات، بەو فڕۆکانە خراپیان بەسەر دێنین”.
لە درێژەی ئەم ئاڵۆزی وهەڕەشانەدا ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “حوسێن پیرمۆئزێن”، بەرپرسی ژووری بازرگانیی نێوان ڕێژیمی ئێران و کۆماری ئازەربایجان، بە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە پڕۆژە هاوبەشەکانی هەناردەکردن و هاوردەکردنی نێوان ئەو دوو وڵاتە کۆتایی پێهاتووە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە پێشتر ڕێککەوتننامەیەکی چوارساڵە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کراوە کە بڕیار وا بووە ماشین و کەرەستەی ماشین و کەلوپەلی خواردەمەنی لە نێوان ئێران و ئازەربایجاندا ئاڵوگوڕ بکرێت، بەڵام بە هۆکاری کێشە سیاسییەکانی نێوان بەرپرسانی دوو وڵات، لە ئێستادا ئەو پڕۆژەیە ڕاگیراوە.