یاسادانەرانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، بەبۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرکوت کردنی دژەمرۆیی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە بوو بەهۆی کوژران و گیان لە دەستدانی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس، بڕیارنامەیەکی توندیان بەدژی کۆماری ئیسلامی دەرکرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی “واشنتۆن فریبیکێن” ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو بڕیارنامەیە کە لەلایەن ٢٤ کەس لە نوێنەرانی کۆماریخواز بە ڕێبەریی “جیم هەگێدۆڕن” نوێنەری ئەیالەتی مینەسووتاو، ئامادە کرابوو، “سەرکوتی دڕندانەی” خەڵکی ناڕازیی ئێرانیان بەدەستی ئەو ڕێژیمە بەتوندی مەحکووم کرد.
لەو بڕیارنامەیەدا ڕەخنەی توندیان لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە بەر گۆڕینی راپۆرتی ناوەرۆکی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە گرت کە ئاماری کۆژراوانی لە ١٥٠٠کەس بۆ ٣٠٤ کەس کەم کردبۆوە و داوایان کرد کە ئاماری کوژراوانی ئەو جینایەتە بگەڕێننەوە بۆ ١٥٠٠ کەس.
“هەگێدۆڕن” لەو بارەوە وتی:” ئەوە گێڕانەوەیەکی نادروستە کە دەوڵەتی بایدێن، دەیخاتەڕوو و هەروەها بێڕێزی کردنە بە هەموو ئەو کەسانە و بنەماڵەکانیان کە لەو ڕۆژەدا گیانیان لە دەستداوە”.
جێی ئاماژەیە کە ئەو بڕیارنامەیە یەکەمین بڕیارنامەی فەرمیی کۆنگرەی ئەمریکایە کە بەمەبەستی بەفەرمیی ناسینی کوشتاری ساڵی ٩٨ی هەتاوییە، کە بە “خەزەڵوەری خوێناوی” بەناو بانگە وهەر وەها پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەوڵی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی هەرچەشنە نارەزایەتییەک لە ئامانجی ئەو بەڕیارنامەی کۆنگرەی ئامریکایە و بۆ یەکەمین جار ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن کۆنگرەی ئەمریکا تۆمار کراوە.