لە ماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا نان لە ئێران دووجار گران بووە و کوالێتی و قەبارەی نانەکانیش دابەزیوە.
هۆشدارییەکان سەبارەت بە گرانبوونی نرخی نان لە کاتێک دایە کە دوایین جار کەمتر لە چوارمانگ پێش ئێستا و لە ٢٧ـی پووشپەڕ نرخی نان زیادی کرابوو.
پاش بڵاوبوونەوەی نرخی نانی “یارانەیی” و “ئازاد” لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی ڕێژیم، ڕێکخراوی پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران هۆشداری بە سێنفی نانەواکان لە سەرانسەری ئێران دابوو کە ئەم نرخانە بۆ نان کە خواردنی سەرەکیی خەڵکە، زۆرە و بەم کوالێتییەی کە ئێستا بڵاودەبێتەوە، دەبێ نان زۆر کەمتر لەو نرخانەی لەسەر دابنرێت.
لە ئێستادا نرخی نانی لەواشی یارانەیی ٥٠٠ تمەن و نانی ئازاد ٦٥٠ تمەن بۆ هەر نانێکە و باقی نانەکانی وەکوو بەربەری ١٨٠٠ تا ٢٥٠٠ تمەن و سەنگەک ٢٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ هەزار تمەنە.
هەوڵی زیادکردنی دووبارەی نرخی نان لە کاتێک دایە کە کوالێتی و قەبارەی نانەکان دابەزیوە و هیچ کەس و لایەنیک بەرپرسایەتی کونترۆڵ و بەدواداچوون بەدوای کێشەکان وەئەستۆی خۆی ناگرێت و خەڵکی هەژار و کەمداهات دەبێ تاوانی بەرزبوونەوەی نرخەکان بدەن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژدا سفرەی نان و خوانیان بچووکتر ببێتەوە.