نوێترین بەرهەمی “کەیهان کەلهوڕ” ژەنیاری ناوداری کورد بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە ژەنیارانی بەناوبانگی جیهان بە ناوی “ڕێزلێنان لە نەیشابوور” بڵاو کرایەوە.
کەیهان کەلهوڕ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوێترین بەرهەمی خۆی بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە ژەنیارانی بەناوبانی جیهانی بڵاو کردەوە و ئەم ئاڵبۆمەی بە “ڕێزلێنان لە نەیشابوور” ناوبردووە کە یەکێک لە شارەکانی سەر ڕێگای ئاورێشم بووە. مایکل لینگستۆن ئاهەنگسازی ئەم ئاڵبۆمە و کۆمەڵێک لە ژەنیارانی بەناوبانگ لەسەر ئاستی جیهانی، کەلهوڕیان لە تۆمارکردنی ئەم بەرهەمە یارمەتی داوە.
کەیهان کەلهوڕ لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٢ لە بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی کرماشانە و ژەنیاری کەمانچە و چەند ئاڵبۆمێکی بەنرخی بڵاوکردووەتەوە و چەند کۆنسێرتێکی لەسەر ئاستی جیهانی بەڕێوە بردووە.