مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی خەڵک و نەهامەتییەکانی وڵاتی ئێرانن.
مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری خولەکانی ٩ و ١٠ی ڕێژیمی ئێران، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاو بووەتەوە، وێڕای ئاماژەدان بە ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، خۆیان سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی وڵاتی ئێرانن و هەروەها تاوانباری سەرەکیی قەیران و نەهامەتییەکانی وڵات و هەژاری و چارەڕەشیی خەڵکی ئەو وڵاتەن، بەڵام بە پاساوهێنانەوەی بێبنەما تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی خەڵک.
ئەحمەدینەژاد لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران و گرینگی پێنەدانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتی: “کۆمەڵیک کەس هەموو سیاسەت، پلانداڕێژی، پارە و دارایی، بڕیار و هەموو شتێکیان لە بازنەی خۆیاندا قەتیس کردووە و هەموو شتێکی وڵات لەژێر دەستی خۆیاندایە، بەڵام کاتێک بیانهەوێت تاوانباری سەرەکیی کێشەکانی وڵات بدۆزنەوە، قامک بۆ لای خەڵک ڕادەکێشن و خەڵک تاوانبار دەکەن”.
ناوبراو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیم وتی: “ئێوە چل ساڵە دەستتان بەسەر وڵاتدا گرتووە، دەکڕێت بڵێن لەو چل ساڵەدا چیتان بۆ خەڵک کردووە، ئەگەر ڕاست دەکەن ڕاپۆرتێکی خۆتان بۆ خەڵک بڵاو بکەنەوە”.
ئەحمەدینەژاد لە بەشێکی تری قسەکانیدا وێڕای گاڵتەکردن بە کاربەدەستانی ڕێژیم، ڕایگەیاند؛ تەنانەت ئەگەر لە وڵاتی ئێراندا بارانبارینەکان کەمیان کردووە و کێشەی وشکەساڵی سەری هەڵداوە، دیسان نابەرپرسان قامکی تاوان بۆ لای خەڵک ڕادەکێشن و دەڵێن ئەوە تاوانی خەڵکە کە باران نابارێت، چۆنکە ئەگەر خەڵک بڕوامەند بە ئایینی ئیسلام و خواپەرەست بن، بە دڵنیاییەوە باران دەبارێت، ئەوەش پاساوهێنانەوەیەکی بێبنەمایە بۆ ئەوەی کە کێشە بخەنە ئەستۆی خەڵک و هەر بڵێن خەڵک تاوانبارن.