ڕۆژنامەی وال ئێستریت ژۆرناڵ، ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران لە دامەزراوە ناوکیی شاری کەرەج، بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتووی دەستپێکردۆتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژنامەی وال ئێستریت ژۆرناڵی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕۆژەی دروستکردنی سانتریفیوژە پێشکەوتووەکانی لە دامەزراوەی کەرەج کە پیشتر بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە کرابووە ئامانج و وێران کرابوو، سەرلەنوێ وەگەڕ خستووەتەوە و بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بەڵێنە نێوتەوەییەکان بکرێ لەو دامەزراوەیە ڕێژیمی ئێران خەریکی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، ڕێژیمی ئێران لەگەڵ نوێکردنەوەی ئامێرەکانی پێوەندیدار بە ئۆرانیۆمی پیتێندراو، دوای هێرشی ٥ مانگ لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر ئەو دامەزراوە ناوکییە، لانیکەم ١٧٠ سانتریفیوژی پێشکەوتووی نوێی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج بەرهەم هێناوە و هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە، ڕێژیمی ئێران لە نیوەی وەزری هاوینی ئەمساڵەوە، یەک مانگ پاش هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوەی ناوکیی کەرەج، سەرلەنوێ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی دەستپێکردەوە و لەو کاتەوە ڕۆژبەڕۆژ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو زیاد دەکا و کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک پێشێلی یاسا نێونەتەوەییەکان دەکا.