کچە هونەرمەندێکى کورد، خەڵاتى یەکەمى پێشانگای هونەریی ویلایەتی تێنێسی لە ئەمریکا بەدەست هێنا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کچە هونەرمەندى کورد و دانیشتووى شارى ناشڤیل، پێتەختی ویلایەتی تێنێسی لە ئەمریکا، بە ناوی “بیژەر ئارادینى”، لە پێشانگاى هونەرە دەستییەکانى ئەو ویلایەتە، خەڵاتى یەکەمى بەدەست هێنا.
لە پێشانگاى هونەرە دەستییەکانى ویلایەتى تێنێسى، کە هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، ئەو کچە هونەرمەندە کوردە لە بواری نیگارکێشى و گوڵدۆزى بەشداری ئەو پێشانگایەی کردووە.
شایانی باسە کە ویلایەتى تێنێسى زیاتر لە ٢٠ هەزار پەنابەری کوردى لێیە، کە زۆرترین ڕێژەی ئەو پەنابەرانەش لە شاری ناشڤیل، پێتەختی ویلایەتەن، هەر بەو هۆکارە ئەو شارە بە کوردستانی بچووک ناسێندراوە و ناوبانگی دەرکردووە و گرینگی و بایەخێکی زۆر بە کولتوور و هونەر و هەروەها کەسایەتی و هونەرمەندانی کورد لەو ویلایەتە دەدرێت.