بەندکراوی سیاسیی کورد “سوهەیلا حیجاب”، لە بەندیخانەی قەرچەکی ورامین ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە دوور خراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سوهیلا حیجاب زیندانی سیاسیی خەڵکی کرماشان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی قەرچەک وەرامینەوە کەوتووەتە بەر پەلامار و ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە دوور خراوەتەوە.
ئەم زیندانیە سیاسییە بەهۆی لێدانی بێبەزەییانە بڕبڕەکانی مل و پشتی تووشی کێشەی جیدیی بووە.
سوهەیلا حیجاب مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتیی تا بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.
ناوبراو لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شاری تاران بە تۆمەتی پڕۆپاگەندا بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێکخستنی کۆڕوکۆبوونەوە سزای ٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا بوو.
شایانی باسە کە سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان، ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی پاش سەردانی دادگا دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرابوو.