فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، لە نوێترین قسەکانیدا لەهەمبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە وتی: هۆکاری ئەویکە تائێستا پاش ئەو ڕووداوە ئێمە هیچ قسەیەکمان نەکردووە، ئەوەیە کە ئێمە تۆمەتبارین بە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە.
ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نوێترین قسەکانیدا و وتووێژێک لەگەڵ گۆڤاری” ئێمتێداد” کە سەر بە بەسیجی زانکۆی سەنعەتیی شەریفی تارانە لەهەمبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە وتی: ئەو ڕۆژ نەماندەتوانی بڵێین بەشێک لە ڕووداوەکە لە ئەستۆی کەسێکی دیکەدایە و هەموو بەرپرسایەتیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەمان لەئەستۆ گرت، بەڵام کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە تەنیا هەڵەیەکی مرۆیی بوو و ئێمە لەم ڕووداوەدا تاوانبارین.
جێگەی ئاماژەیە کە فڕۆکە ئۆکراینییەکە پاش هەستان و فڕین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خومەینی، کرایە ئامانجی دوو مووشەکی هێزی ئاسمانیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و لە ئاکامدا ١٧٦ کەس لەو فڕۆکەیەدا گیانیان لەدەستدا و پاش گوشارە توندە نێونەتەوەییەکان ڕێژیمی ئێران دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ دانی بەوە دانا کە هێزە سەربازییەکانی سپا بەهۆی بڕیارێکی هەڵەوە بە مووشەک فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان کردۆتە ئامانج.