سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جیاواز لە چارەنووسی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی، هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل بە یەکگرتووییەوە درێژە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەدەن.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا وتی: چارەنووسی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان هەر ئاکامێکی هەبێ، ئێمە درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان دەدەین.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لە وڵاتانی لوبنان و سووریە دەدات و چاوەڕێی ئاکامی وتووێژەکانی ڤییەن نابێ.
لەلایەکی دیکەوە بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەیکە داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە لێبڕاوانە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببنەوە وتی: ئێمە دەستەوئەژنۆ دانانیشین و ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەموو ناوچەکەدا دەبینەوە.
شایانی باسە کە ئیسرائیل چەندین ساڵە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە سووریە گرتووەتەبەر و بەردەوام هێرشی ئاسمانیی دەکاتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.