له درێژهی كار وچالاكییهكانی بهشی ئاموزشی حیزبی دێموكراتی كوردستان له وڵاتی نۆروێژ له ڕێکەوتی ١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢١، سمینارێک بۆ بهرێز دوکتور سمایل بازیار كهسایهتیی سیاسی و مامۆستای زانكۆ سهبارهت به شوناس و دیاسپۆرا به بهشداری ژمارهیهكی بهرچاو له کچان و کوڕانی كورد كه قۆناغهكانی خوێندنی زانکۆیان له بواره جیاوازهكان له وڵاتی نوروێژ تهواو كردووه، لە ئۆسڵۆ بهڕێوه چوو.
سەرەتای سمینار بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەرێز سەردار محەممەدپوور، بەرپرسی بەشی ئاموزشی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ وێرای بەخێرهێنانی بەشداران، باسێکی کورتی سەبارەت بە مەبەستی ئەو سمینارە و گرینگیپێدانی کۆمیتەی حیزب بە لاوانی کورد بە تایبەتی ئەو لاوانەی کە توانیویان قۆناغەکانی خوێندنی زانکۆ لە بەشی جۆراوجۆردا تەواو بکەن، پێشکەش کرد.
دواتر بەرێز دوکتور سمایل بازیار، سیمای ناوسراوی حیزبی دێموکرات و مامۆستای مێژوو، باسەکەی خۆی لە دوو تەوەری پێناسە و گرینگی “شوناس یا ناسنامە” و “دیاسپۆڕای کورد” پێشکەش کرد.
له بهشی یهكهمی سمینارهكهدا کە تایبەت بوو بە “شوناس” بەرێز بازیار بە شێوەیەکی ئاکادێمیک و زانستیانە باسێکی گرینگی لەسەر ههستی نیشتیمانپهروهری و نهتهوهیی بۆ تاكی كورد بەگشتی لە کوردستان و بەتایبەتی لە دەرەوەی کوردستان و هەندەران هێنایە بەرباس. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ناسنامەی کوردبوون و هەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییە بۆتە هۆی ئەوە کە تا ئێستا، گهڵی كورد توانیویەتی خۆی له “ئاسیمیلاسیۆن” واتا تووانەوە و لەناوچوون كه به شێوهیهكی بهرنامهدارێژراو لهلایهن دهوڵهت ـ نهتهوهكان كه كوردستانیان بهسهردا دابهشكراوه، بپارێزێت. لهدرێژهی قسهكانیدا دوکتور بازیار ئاماژهی بهوهدا كه: “ههستی نهتهوهیی لهگهڵ مرۆڤ له دایک نابێت و خۆڕسک نێ، بهڵكو له ماوهی ژیانیدا فێر دهبێت و فێردهكرێت. بۆ وێنە مامۆستا هێمن لە پێشەکی کتێبی “تاریک و ڕوون” دا دەڵێ چۆن مامۆستا فەوزی کاریگەری گەورەی لەسەری بووە بۆ ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری؛ بۆیە لەسەر دایکان و باوکانی کورد ئەرکە گرینگی به پهروهردهكردنی منداڵهكانیان بدهن و به ههستی کوردایەتی، نیشتیمانپهروەری و نهتهوهیی ڕایان بێنن و گۆشیان بدەن.”
کاک سمایل بازیار لە بهشی دووهەمی سمینارهكەدا هاتە سەر باسی دیاسپۆرا و قۆناغهكانی كۆچی كوردان بۆ تاراوگه. ناوبراو لەو بەشەدا وێڕای ئەوەی شیکاری بۆ مانا و مێژووی دیاسپۆرا کرد وتی:” سەرەرایی ئەوەیی کە کۆچکردن بۆ تاراوگە گیروگرفتی تایبەت بە خۆی بۆ مرۆڤەکان دروست دەکا، بەڵام زۆر جاریش لە بواری سیاسی، تاراوگه كهسانێكی پێگهیاندووه كه كاریگهریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لهسهر ڕووداوهكانی ناوخۆی وڵاتەکەیان هەبوو و تەنانەت دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەشی گۆڕیوە.” بەرێزیان لەو بوارەدا ئاماژەی بە ڕووداوە گرینگەکانی مێژوویی سەدەی بیستەم کرد کە کەسانی وەک لێنین لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبری یەکیەتیی سۆڤییەت، گاندی لە هیندوستان، دۆگۆل لە فەرانسە و هاتنەوەی دوکتور قاسملوو لەدوای شۆڕشی ئێران و ڕێبەرایەتی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ئەوانە هەموو لە تاراوگە و دیاسپۆراوە ڕێبەریی ئەو شۆڕش و جووڵانەوانەیان کردوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دوکتور بازیار باسی له گرینگی و بایەخی ڕەوەندی كوردان له تاراوگه كرد كه زۆر جار توانیویەتی هاوكێشه سیاسییهكانی ناوچه و جیهان و تەنانەت وڵاتانیش بگۆرێت. لەبەر ئەو هۆیانە ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کوردانی دیاسپۆرا پێویستە یەکگرتوویی زیاتریان هەبێ و بەتایبەتی کچان و کوڕانی کورد کە لە دەرەوەی وڵات پێگەیشتوون و توانیویانە سەرکەوتووانە قۆناغەکانی خوێندن لە زانستگاکانی دەرەوە تێپەرێنن، دەبێ زیاتر هەوڵ بدەن و لە خوێندن و خۆپێگەیاندن شڵ نەبنەوە، تاکوو بتوانن هەم لەسەر ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژین سەبارەت بە پرسی کورد شوێندانەر بن و هەم پاڵپشت و یارمەتیدەر بن بۆ نێوخۆی کوردستان.
لە کۆتایی سمینارەکە دا هاوڕێ خوسرەو قادری بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، وێڕای سپاس و پێزان بۆ بەرێز سمایل بازیار و بەشدارانی ئەو کۆڕە، ئاماژەی بە ئەوە دا کە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبێ جیاوازی بیروبۆچوون، هەوڵی داوە لاوانی کورد کە خوێندنی باڵایان تەواو کردوە لە دەوری یەک کۆکاتەوە، کە دیارە ئەوە یەکەم هەنگاوە و هیوای خواست کە لە داهاتوودا ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە بە ڕێژەی زیاتری بەشداران بەڕێوە بچێ.
هەروەها شانیا ساڵحی بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەپکە گوڵێکی بەو بۆنەوە پێشکەش بە دوکتور سمایل بازیار کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە هەر دوو بەشی سمینارەکە دا بەشداران بە باس و پرسیار و تێبینییەکانیان لەگەڵ بەرێز بازیار، سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.