وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر دژایەتیی ئیسرائیل بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، وتی: ڕێژیمی ئێران تەنیا مەبەستی لە وتووێژەکان کات بەفیڕۆدان و پەرپیدانی بەرنامە ناوکییەکانییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” جێرۆزالم پۆست” کە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، یائێر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە نامانهەوێت ڕەوایەتی بە ڕێککەوتنێکی هەڵە بدەین، نامانهەوێت ئەمریکاییەکان پێیان وابێت کە ئێمە لە درێژەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕیژیمی ئێران ڕەزامەندی خۆمان دەربڕیوە و ئیسرائیل بەردەوام دژایەتیی دانوستان و ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران دەکات.
هەر لەم پێوەندییەدا نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی ڕابردوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕابێرت مالی ڕەت کردەوە و وتی: گەڕانەوە بۆسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوێکی دروست نییە و بە پێویستی نازانێ کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بکرێت.
یائێر لاپید لە دڕێژەدا وتی: بە لاچوونی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو رێژیمە پارەیەکی زۆری دەستدەکەوێ کە هەمووی خەرجی گرووپە تێرۆریستەکان و میلیشیاکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەرەپێدانی ئامانجە دژەمرۆییەکانی دەکات.