بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کاری، ساڵانە نزیک بە ١٣ هەزار ڕووداوی کار لە ئێران ڕوو دەدات.
“عەلی رەعیەتیفەرد”، جێگری وەزارەتی کاری ڕێژیم دەڵێ: ساڵانە نزیک بە ١٣ هەزار ڕووداوی کار لە ئێران ڕوو دەدات کە لە نزیک بە هەزار ڕووداو دەستبەجێ کەسەکان لە شوێنی کارەکەیاندا دەمرن و نەبوونی ئەمنییەتی کاری، دەبێتە هۆی زۆربەی ئەم ڕووداوانە.
لە روانگەی کارناسانی ئابووری زۆربەی کارگە و کارخانەکان پێویستیان بە نوێبوونەوە هەیە و بەهۆی کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی کۆن، بەرهەمهێنان و توانای کار دابەزیوە و هەموو ڕۆژە کەسانێک کاری خۆیان لەدەست دەدەن یان بەهۆی ڕووداوی کارەوە ژیانیان کۆتایی پێدێ.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی کاری ڕێژیم کەسانێک وەکوو چاودێری کار هەڵدەبژێرێ کە هەڵسەنگاندنی کێشەکان بکەن و بەشوێن چارەسەریی کێشە و پرسی کرێکار و خاوەن کارەکاندا بڕۆن کە زۆرتر کارێکی شانۆیی و خەرجێکی زیادییە.
جێگری وەزیری کاری ڕێژیم لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە کرێکاران دەبێ مافی یاسایی خۆیان هەبێ و ئەو شتانەی کە ڕێژیم بۆیان دابین دەکات، بەگشتی بۆیان ڕەچاو بکرێت بەڵام ئەم وتانە هەموو کات لە ئاستی قسەدا ماونەتەوە و تەنیا کرێکاران زەرەرمەندی کێشە و پرسەکانی کۆمەڵگای کرێکارین.