یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی دەور و نەخشی ٤ وەزیری نوێی دەوڵەتی سووریە لە سەرکوت و کوشتنی بەردەوامی خەڵکی مەدەنیی سووریە، ئەو ٤ وەزیرەی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.
یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ٤ وەزیری” بازرگانی، زانیارییەکان، کاروباری کۆمەڵایەتی و کار”ی دەوڵەتی سووریە بەهۆی دەور و نەخشیان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی سووریە، گەمارۆیان خراوەتە سەر و سەرەڕای بلۆکەکردنی هەموو داراییەکانیان ئیزنی سەفەر بۆ وڵاتانی ئورووپاییان پێنادرێ.
بە سەپاندنی ئەو گەمارۆ نوێیانە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سەر بە رێژیمی سووریەن و لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر، گەیشتۆتە ٢٨٧ کەس و هەروەها ٧٠ ناوەند وەکوو ڕێکخراوەکان، بانکەکان و کۆمپانیاکانی سووریە کە هەموویان بەهۆی پێوەندییەکانیان لەگەڵ رێژیمی سووریە، بەدژی خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە وەستاونەتەوە، خراوەنەتە لیستی گەمارۆکانی ئەو یەکیەتییەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە یەکیەتیی ئورووپا لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە، سەپاندنی گەمارۆکانی بەدژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە دەسپێکردووە.