کاربەدەستێکی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانی بەوە داناوە کە ئەوان بڕیاری تەقەکردنیان لە خۆپیشاندران داوە.
لەیلا واسقی فەرمانداری شاری قودس سەر بە شاری تاران لە هەڤپەیڤینێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیاری تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی داوە.
لە شاری قودس کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری تاران و لەنێو خەڵک دا بە “قەڵعەی حەسەن خان” بە ناوبانگە، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و پەلاماری فەرمانداریی ئەو شارەیان دا، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم بە فەرمانی ئەم کەسە تاوانبارە تەقەیان لە خەڵک کرد و زیاتر لە بیست کەس هەر هەمان شەو کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم بەرپرسە تاوانبارانەی رێژیم لە کاتێکدا ئەم قسانە دەکا کە ئەم مانگە ساڵڕۆژی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامییە کە ١٥٠٠ کوژراوی لێ کەوتەوە.
جێ ئاماژەیە کە لەیلا واسقی لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا کەوتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.