وەزشوانێکی ئێرانی بەهۆی لەبەرنەکردنی کراسێک کە وێنەی تێرۆریست قاسم سولەیمانی لەسەر بووە لە وڵاتی ئاڵمان داوای پەنابەری کرد.
وەرزشوانێکی ئێرانی و ئەندامی تیمی نیشتمانی “پاوێرلیفتینگ”ی، ئێران بە ناوی “ئەمیر ئەسەدزادە” کە لە پێشبڕکێیەکانی وڵاتی نۆروێژدا بەشداری کردبوو، لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە گوشاریان خستبووە سەر کە دەبێ ئەو کراسەی کە وێنەی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی پێشووی سپای قودسی لە سەرە لەبەر بکا، ناوبراویش وێنەی کراسەکەی نیشاندا و وتی:”من هیچکات کراسێک لەبەر ناکەم کە وێنەی تێرۆریستێکی وەک قاسم سولەیمانی لەسەر بێ و ئەوە لە شکۆ و گەورەیی وەرزشوانێک کەم دەکاتەوە کە کراسێک بە وێنەی تێرۆریستێکەوە لەبەر بکات.
جێی ئاماژەیە کە “ئەمیر ئەسەدزادە” بەهۆی وڵامنەدانەوە بە داوای کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، گیانی کەوتۆتە مەترسی و نەگەڕایەوە بۆ ئێران و لە وڵاتی ئاڵمان داوای پەنابەری کردووە.
شایانی باسە کە ساڵانە بە سەدان کەس لە وەرزشوانان و بژاردەکانی ئێران بەهۆی گوشاری ناوەندەکانی ڕێژیم، بە ناچاری وڵات بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە هەندەران دەکەن.