وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و فەرانسە، لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتووێژیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و “ژان ئیۆ لۆدریان” وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لەسەر هەوڵەکان بۆ پێشگرتن بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و مەترسییەکانی دەستپێراگەیشتنی بە چەکی ناوکیی، کۆبوونەوە و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل ڕێژیمی ئێران تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو رێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
وتووێژی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرانسە لەبارەی شێوەی ڕووبەڕووبوونەکان لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە، تاران جارێکی دیکە لەسەر مەرجی پیشووتر بۆ گەڕانەوەی دانوستانەکانی بەرجام جەختی کردەوە و خوازیاری لابردنی هەموو گەمارۆکانی ئەمریکا و بەڵێنی ئەو وڵاتە لەسەر مانەوەی لە بەرجام وێڕای لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانە. هەروەها ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکرێن لە داهاتوودا دەگەڕێینەوە بۆ دانوستانە ناوکییەکان.