سەرۆکی ڕێکخراوی تێرۆریستیی بەسیجی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە ٣٥٠٠ گوردانی سایبێرییان دامەزراندووە و هەنووکەش چالاکن.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “مێهر”ی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە،٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “غوڵامڕەزا سولەیمانی”، سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بەسیج ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی ڕێژیم لە سەرانسەری وڵاتی ئێراندا زیاتر لە ٣٥٠٠ گوردانی سایبێری بۆ پێکانی ئامانجەکانی ڕێژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دامەزراوندووە و هەنووکەش لە لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەریکی چالاکین.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران جیا لە هێرشە سایبێرییەکانیان بۆسەر دامودەزگای وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەگشتی و وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەتایبەتی کە ویستوویانە زانیاریگەلێکی هەستیار و ئەمنییەتیی دامودەزگاکانی ئەو وڵاتانە بەدەست بهێنن، سەرکەوتوو نەبوون؛ هاوکات بە بەردەوامی هەوڵی ئەوەیان داوە کە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەسایەتییەکان و چالاکانی دژبەری ڕێژیم و بەتایبەت کەسایەتی و چالاکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بخەنە داو و تەنانەت زۆر جاریش هێرشیان کردووەتە سەر دامودەزگای حیزبە کوردستانییەکان.
لەم پێوەندییەدا پێشتر چەندین جار ناوەندە ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە، بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل بە جیددی ئاگادارییان بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت ڕێکخراو و کۆمپانیاکانیان بوونەتە ئامانجی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپەرچ دراونەتەوە.