سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکە وشکەساڵی یەکێک لە كێشە سەرەکییەکانی وڵاتی ئیرانە، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشەیە نادەن و کەمئاوی قەیرانێکی مەترسیداری بۆ خەڵک دروست کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکە وشکەساڵی لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە ئێراندا پەرەی ستاندووە و کێشەیەکی مەترسیداری بۆ خەڵک دروست کردووە و یەکێک لە قەیرانەکانی ناوچەکەیە، هەندێک لە وڵاتەکان بە داڕشتنی پلانی توکمە و بەرنامەی گونجاو هەوڵی کەمکردنەوەی لانیکەمی ئەو کێشە و قەیرانە جیددی و مەترسیدارە دەدەن، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بەپێچەوانەی وڵاتانی تر جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی کێشە و بەتایبەتی کەمئاوی و وشکەساڵی لە ئێراندا نادەن، بەڵكوو کێشەکانی خەڵک زیاتر دەکەن.
لەم پێوەندییەدا بەپێی هەواڵی هەوڵدەرییەکانی ڕێژیم؛ “هیدایەت فەهمی”، جێگری پێشتری نووسینگەی “ئابفای”ی وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: “ئەگەری ئەوە هەیە کە قەیرانی کەمئاویی هاوین لە پاییزیشدا بە جیددی درێژەی هەبێ. ئەگەر بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا نەیەت، زیاتر لە ٣٠٠ شاری وڵات تووشی قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوی دەبنەوە”.
ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی بارانبارینەکان لە ناوەندی ئیران و بەتایبەت شاری تاران، ڕایگەیاند؛ پارێزگا پێدەشتەکانی ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ئێران لە مەترسیی وشکەساڵیدان و پارێزگاکانی بەلووچستان، ئێسفەهان، خۆراسان و پارێزگاکانی تری ناوەند مەترسیدارترین شوێنی وشکەساڵی و کەمئاوین.