فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆسەر ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە لە یەمەن، ٣ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپەیان کوشتووە.
هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری دوو بەرپرسی دەوڵەتی “یەمەن”ەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ماشینێکی هەڵگری یەکێک لە ئەندامانی باڵای گرووپی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە و هاوژینەکەیان کردۆتە ئامانج و لە ئاکامدا هەر دووکیان برینداربوون و سێ کەسی مەدەنیی دیکە و دوو چەکداری گرووپی ئەلقاعیدە کە بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوو بریندارە ڕۆیشتبوون، دووبارە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە هێرشیان کراوەتە سەر و لە ئاکامدا هەموویان کوژراون.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوی تێرۆریستیی ئەلقاعیدە ماوەی ٢٠ ساڵە لە وڵاتی یەمەن بەهۆی شەڕ لەنێوان دەوڵەتی یاسایی یەمەن و میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدان بە کارە تێرۆریستییەکانی بەتایبەت کۆکردنەوەی ئەندام لەو وڵاتە کەڵک وەردەگرێ.