حەسەن نەورووزی، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە بەڕێوەچوونی دادگای خەڵکی خەزەڵوەر وتی: “من خەڵکی ناڕازیم کووشتووە کێ دەتوانێ ئێمە دادگایی بکات.”
حەسەن نەورووزی، جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی قەزایی و یاسایی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کاردانەوە بە بەڕێوەچوونی دادگای خەڵکی خەزەڵوەر لە وڵاتی بریتانیا بە هەواڵدەریی “دیدەبان”ی وتووە کە من یەکێک لەو کەسانە بووم کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، تەقەم لە خەڵکی ناڕازیی کردووە و ناوبراو بە بردنە ژێر پرسیاری دادپەروەریی بۆ قوربانییانی ئەو ڕووداوە وتی: “ئێستا چ کەس و لایەنێک دەیهەوێت ئێمە دادگایی بکات.”
ناوبراو لە درێژەدا هەروەها ڕایگەیاند کە دادگایەک بوونی نییە کە من دادگایی بکات.
شایانی باسە کە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر، بەهۆی گرانبوونی نرخی بێنزین دەستیپێکرد و بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام بووە کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لەو ناڕەزایەتییە گشتییەدا هێزەکانی ڕێژیم ١٥٠٠ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و بە هەزاران کەسیشیان بریندار کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕەحمان فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ئەو کاتی ڕێژیمی ئێران، بۆ پاساوهێنانەوە و بەرگریکردن لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران وتبووی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا ئێمە تەنیا تەقەمان لە سەری خەڵکی ناڕازیی نەکردووە، بەڵکوو تەقەمان لە لاقیشیان کردووە.