ئیعتیباری پاسپۆڕتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نزمترین ڕیزبەندییەكانی جیهان دابەزیوەو ئێستا هاوپلەی پاسپۆڕتی وڵاتانێكی وەك ئێریترە، ئێتیۆپی، نێپاڵ و سوودانە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی “هێنلی و هاوپەیمانەكانی” تەنیا وڵاتانی لیبی، سووریە، عێراق، سوومالی، ئەفغانستانو پاكستان كە لە نێوخۆی وڵاتەكانیان بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕ و تێكهەڵچوونی خوێناوی یان توندوتیژی لەڕادەبەدەری تایفی له ئارا دایه، لە پلەكانی پاش ئێراندا جێیان گرتووە.
ئەم ڕێكخراوە لە بواری بڕواپێكراوترین پاسپۆڕتەكانی جیهاندا پلەی یەكەمو دووهەمی بە دوو وڵاتی ئاڵمانو سۆئێد بەخشیوە. لەم ڕاپۆرتەدا وڵاتانی فینلاند، فەرانسە، ئیتالیاو ئیسپانیا بە هاوبەشی لە پلەی سێهەمدا جێیان گرتووەو وڵاتانی ئامریكا، بێلژیك، دانمارك و هولەندیش بە یەكەوە پلەی چوارەمیان بۆ دیاری كراوە.
لە ئاسیادا وڵاتانی ژاپۆن، سەنگاپوور و كۆرەی باشووریش وەك خاوەنی بڕواپێكراوترین پاسپۆڕتەكان دەناسرێن.