بەپێی داهاتی ڕۆژانە نرخی بێنزین لە ئێران حەوت هێندەی ئەمریکا گرانترە و گرانبوونی بێنزین و پەرەسەندنی گرانی و بەرزبوونەوەی هێڵی هەژاری لە ئێراندا کێشە و گرفتی جیددی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دروست دەکات.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی هێڵی هەژاری و پەرەسەندنی گرانی لە بازاڕەکانی وڵاتی ئێران و بەئەمنییەتیکردنی کەشی شارەکان لە ترسی ئەگەری هەر چەشنە سەرهەڵدانێک لەو ولاتەدا، لە ماوەی ڕابردووشدا کۆمەڵێک لە نوێنەرانی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس، گەڵاڵەیەکیان لەسەر گرانکردنی بێنزین ئامادە و ڕەوانەی مەجلیسی ڕێژیم کرد، بەڵام بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم بەپێچەوانەی ئەو نوێنەرە دەستنیشانکراوانە، دەستیان کردووە بە چەواشەکاریی و زۆرجار پڕوپاگەندای هەرزانبوونی بێنزین بڵاو دەکەنەوە.
بەرپرسانی ڕێژیم پێیان وایە کە بێنزین لە وڵاتی ئێراندا لە زۆربەی وڵاتی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو هەرزانترە و دەبێت خەڵکی ئێران شوکرانەبژێر بن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی شتومەک و بە تایبەت سووتەمەنییەکان بەپێی داهات و توانایی کڕینی خەڵک لە بازاڕەکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، نەک بە دۆلار و بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنەش بێت، بەپێچەوانەی چەواشەکاری بەرپرسانی ڕێژیم کە پێیان وایە نرخی بێنزین لە ئێراندا جگە لە وڵاتی وێنۆزۆئێلا لە هەموو وڵاتانی جیهان هەرزانترە، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەی جیهانە کە بە لەبەرچاوگرتنی داهاتی تاک و پێوەری توانای کڕین، سووتەمەنییەکان و بە تایبەت بێنزین بە گرانترین نرخ دەدات بە خەڵک.
لەسەر چەواشەکانی ڕێژیم ئەگەر وەک نموونە بەراوردێک لەنێوان داهاتی خەڵک و نرخی بێنزین لە ئێران و چەند وڵاتێکی تر بکرێ، بە شێوەی نێوەنجی بە داهاتی ڕۆژانەی هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی تەنیا ٣٩ لیتر بێنزین دەکڕدرێت، بەڵام بە داهاتی ڕۆژانەی هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکایی ٢٧٠ لیتر و بە داهاتی ڕۆژانەی هەر هاووڵاتییەکی عەرەبستانی سعوودی ٢١٦ لیتر بێنزین دەکڕدرێت.
بەپێی ئەم بەراورد و هەڵسەنگاندنانەش، بێنزین لە وڵاتی ئێراندا حەوت هێندەی ئەمریکا، پێنج و نیو هێندەی عەرەبستانی سعوودی و دوو هێندەی وڵاتانی ئیسرائیل و بریتانیا گرانترە.