بەهۆی هەژاری و دەسکورتی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران خۆسەرانە کەڵک لە دەواودەرمان وەردەگرن.
“نووشین محەممەدحوسێنی” بەرپرسی چاودێری بەسەر ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان دەڵێ: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خواردنی خۆسەرانەی دەواودەرمان گرانی و کێشەی ئابووریە.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک بەهۆی هەژاری و دەسکورتی توانای سەردانی نەخۆشخانە و پزیشکی تایبەتیان نییە و ناچار دەبن کە خۆیان ببن بە پزیشکی خۆیان و لە ئەزموونی ئاشناکانیان بۆ خواردنی دەرمان کەڵک وەرگرن کە ئەمە دیاردەیەکی مەترسیەدارە و ساڵانە خواردنی دەرمانی هەڵە، دەبێتە هۆی مردن و تووشبوونی نەخۆشەکان بە نەخۆشی خراپتر و چوونەسەری تێچووی چارەسەرییان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “هەمشەهری ئانلاین”، نووشین محەممەدحوسێنی، بە ئاماژە بەوەی کە هەندێک دەرمان وەکوو “مێتادۆن”، “حەبی هێورکەرەوە” و “ترامادۆڵ” ماددەی هۆشبەریان تێدایە و خواردنی خۆسەرانەی ئەم دەرمانانە دەتوانێ تەنانەت مرۆڤ بکوژێت. بۆ وێنە هەندێک لە نەخۆشەکان دەرمانی مێتادۆن دەخۆن کە دەبێ حەتمەن لەلایەن پزیشکی شارەزاوە بنووسرێ و خواردنی ئەم دەرمانانە لەلایەن منداڵانەوە کە زۆرتر لەنێو یەخچاڵی ماڵان دادەنرێ، بە تایبەت ئەو دەرمانانەی کە “مۆرفین”ـی تێدایە، دەتوانێت منداڵ تووشی سکچوون و حاڵەتی خراپتر بکات و مەترسی زۆر بۆ منداڵان دروست بکات.
جێی ئاماژەیە ساڵانە لە ئێراندا خەڵکێکی زۆر بەهۆی خواردنی خۆسەرانەی دەرمان و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە دەرمانی هەڵە، تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەبن کە هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە، گرانی تێچووی دەرمان و هەژاری و دەسکورتی خەڵکی ئەو وڵاتەیە.