٢٥ ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ئه‌مساڵ ٥ ساڵ به‌سه‌ر قه‌یرانی سووریه تێپه‌ڕی.
٥ ساڵ له‌وه پێش به نووسینی دروشمێک له سه‌ر دیوارێک له شاری ده‌رعا ڕاپه‌ڕینێک له سووریه له دژی ڕێژیمی دیکتاتۆڕی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام ئه‌و ڕاپه‌ڕینه دوای ٥ ساڵ شه‌ڕو کاره‌سات هێشتا به ئاکام نه‌گه‌یشتوه.
تانک، تۆپ، بۆمب، موشه‌کی ئیسکاد، چه‌کی شیمیایی، ڕاکردن، گیران، ئه‌شکه‌نجه، ئه‌لقاعیده‌و داعش ئه‌وانه کۆمه‌ڵیک له‌و ئه‌زموونانه‌ن خه‌ڵکی سووریه له ٥ ساڵی ڕابردوودا ڕۆژو شه‌و له‌گه‌ڵی ژیاون، بارودۆخێک که ڕوون نییه به‌و زووانه‌ش بگۆڕدرێ‌و کۆتایی به‌و قه‌یرانه ماڵوێرانکه‌ره بێ.
پێنج ساڵ له‌وه پێش له وه‌ها ڕۆژێکدا ١٥ مێردمنداڵ له گڕافیتێکی سه‌ر دیوار له شاری ده‌رعا نووسییان: ” خه‌ڵک داوای ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌که‌ن.” ئه‌و ١٥ مێرمنداڵه گیران، ئه‌و خۆپیشاندانه‌ش که بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به گیرانی ئه‌وان وهڕێخرابوو، به توندی سه‌رکوت کرا؛ به‌ڵام خۆپیشاندانه‌کان ته‌واو نهبوونو به‌ره به‌ره شار‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی سووریه‌ی گرته‌وه.
” ناوه‌ندی سووریه بۆ توێژینه‌وه سیاسییه‌کان” به پشتبه‌ستن به لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌کان له 5 ساڵه‌ی قه‌یرانی سووریه‌دا کۆمه‌ڵه ئامارێکی بڵاو کردۆته‌وه. به‌پێی ئه‌و ئاماره دوای ٥ ساڵ:
• له هه‌ر ١٠ که‌س له سووریه، یه‌کیان کوژراوه یان بریندار بووه.
ه نێونجی ته‌مه‌نی خه‌ڵکی سووریه له ٧٠ ساڵ بۆ ٥٥ ساڵ دابه‌زیوه.
• نیوه‌ی ڕاستی خه‌ڵکی سووریه له ماڵ‌و حاڵی خۆیان ههڵقهندراونو ئاواره بوون.
• دوو له سێی خه‌ڵکی سووریه کار‌و پیشه‌و سه‌رچاوه‌ی داهاتی خۆیان له ده‌ست داوه.
• سه‌دی ٨٥ ی خه‌ڵکی سووریه نه‌ک له هه‌ژاریدا، به‌ڵکوو له فهلاکهتو داماویدا ده‌ژین.
• نیوه‌ی منداڵانی سووریه که له ته‌مه‌نی چوونه قوتابخانه دان، له خوێندن به‌جێ ماون‌و ده‌ره‌تانی خوێندنیان نییه.
• له ٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ٦٤٥ پزیشک‌و په‌ره‌ستار به هۆی شه‌ڕی لایه‌نه دژ به یه‌که‌کانی قه‌یرانی سووریه‌وه کوژراون.
• ئاستی گه‌شه‌ی وڵات‌و خۆشبژیویی خه‌ڵکی سووریه که پێشتر له ڕیزی وڵاتانێکی وه‌ک ئه‌ندونێزی دابوو، ئێستا بۆ خوارتر له وڵاتانێکی وه‌ک سوودان‌و ئه‌فغانستان داڕمیوه.
• سووریه ڕۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ کاولتر دهبێو ئاستی هیوا به‌ژیان له‌و وڵاته تا دێ کزتر ده‌بێ.
ڕاپۆرته‌که‌ی “ناوه‌ندی سووریه بۆ توێژینه‌وه سیاسییه‌کان” ده‌ڵێ: ژیانی ژنان، پیاوان‌و منداڵانی سووری به‌هۆی کاولبوونی وڵاتهکهیانو سه‌رهه‌ڵدانی کێشه ئینتینکییه جیاوازه‌کان به ته‌واوی وێران بووه. به تایبه‌ت که زۆربه‌ی قوربانییانی شه‌ڕ که‌سانی مه‌ده‌نین که به ئانقه‌ست به‌ر په‌لامار ده‌درێن.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که له هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا له‌باره‌ی ئاماری کوژراوه‌کانی شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه بڵاوبوونه‌ته‌وه، تا ئێستا هه‌ر نه‌بێ ٣٠٠ هه‌زار که‌س به‌و هۆیه گیانیان له ده‌ست داوه.
ئه‌و ئامار‌و زانیارییانه له حاڵیکدا بڵاو بوونه‌ته‌وه که خولی نوێی وتووێژی ئاشتیی سووریه له ڕۆژی ڕابردووه له ژنێڤ ده‌ستی پێكرده‌وه. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی یه‌كجاری و كۆتایی هێنان به توندوتیژی و ئاگربه‌س به‌ڕێوه ده‌چێ.