بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان لە تاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قەڵای حەسەنخانی (شارەکی قودس) لە تاران، هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی “عومەر شەریفی بۆکانی” بەندکراوی سیاسی پێشوو و نیشتەجێی شاری تاران و دەسبەسەریان کردووە.
عومەر شەریفی بۆکانی تەمەنی ٧٠ ساڵە و تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیرانی و هۆکاری دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕیژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ لەبەندیخانە ئازاد کرا.
ڕەزا شەریفی بوکانی چالاکی مەدەنیی کورد و کوڕی عومەر شەریفی بوکانیش ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دەسبەسەر و هەر بەو تۆمەتە ماوەی ٥ ساڵە لە بەندیخانەی بۆکان و ڕەجایی شەهری کەرەج بەندکراوە.