بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی ئێستا و پێشووی ئەمریکا دەڵێن: ڕێژیمی ئێران بڕیاری هێرشی مووشەکی بۆسەر مستەفا کازمی نەداوە و ئەو هێرشە دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، خەریکە جێگە و پێگەی خۆی لەدەست دەدا و میلیشیا شیعەکان لە ڕکێفی سپای تێرۆریستی پاسداراندا نەماون.
ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسانی پلەبەرزی ئەمریکایی، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی “ئێن بی سی نیوز” وتیان: هێرشی تێرۆریستی بۆسەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن میلیشیا شیعەکانی ئەو وڵاتەوە بووە کە ڕاستەوخۆ سپای تێرۆریستیی پاسداران پشتیوانییان لێدەکا، بەڵام کۆماری ئیسلامی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو میلیشیایانەی لەو وڵاتە لەدەست داوە.
هەروەها یەکێک لە بەرپرسانی پلەبەرزی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وتی: هەوڵی تێرۆری سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی سپای قودسی پاسداران و ئەبوومێهدی موهەندیس یەکێک لە بەرپرسە پلەبەرزەکانی حەشدی شەعبی، کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ڕێژیمی ئێران لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی میلیشیا شیعەکان لە عێراق ڕووبەڕووی کێشەی قووڵ بووەتەوە و ڕێژیمی ئێران دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی جێگە و پێگەی لە عێراق و ناوچەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە.