هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٢ هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران و لە ئاکامدا ١٨٦ میلیشیای حووسی کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە کە ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە، هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٢ هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دوو شاری” سەرواح و بەیزا” لە ڕۆژاوا و باشووری پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ١٨٦ میلیشیای حووسی کوژراون و ١٧ ماشینی سەربازیی حووسییەکان بە تەواوەتی تێکشکاوە.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرەڕای داواکارییە نێونەتەوەییەکان و هۆشداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر مەترسییەکانی شەڕ لە یەمەن و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە پارێزگای مەرئەب و جەختکردنەوە لە چارەسەریی کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە، میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە بڕیاری بەرپرسانی ئێران، دڕێژە بە هێرشەکانیان بۆسەر پارێزگای مەرئەب و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی دەدەن.