لەدرێژەی ڕەشبگیرییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی ڕابردوو هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر گوندی نێی مەریوان و پێنج هاووڵاتیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەوڵی هەواڵدەرییەکان شەوی هەینی لەسەر شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە شارەکانی کوردستان، هێرشیان کردۆتەسەر گوندی نێ و ٥ کەس لە هاوولاتییانی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە.
ناسنامەی ئەو ٥ کەسە کە شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون بریتین لە محەممەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان و عەبدولڕەحمان ئەفشار، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو کەسگەلە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە هاوکات ٢٥ کەس لە شاری بانە و چەندین کەس لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.