لە بەرەبەری دەسپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ویەن دوو بەرپرسی ئێرانی دەڵێن: ئەگەری شکستی وتوێژەکانی بەرجام لە بە ئاکام گەیشتنی زیاترە.
لە کاتێکدا کە تەنیا دوو حەوتووی ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی بەرجام، دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەگەری شکستی وتووێژەکان زیاترە لە بە ئاکام گەیشتنی.
ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران کە ناویان ئاشکرا نەبووە، بە هەواڵدەریی ”ڕۆیتێرز”یان ڕاگەیاندووە کە ئێران وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی لایەنی بەرجام بەرەو ئاراستەیەکی پڕ لە کێشە دەبات و لە ڕێگای جۆراجۆرەوە بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان هەوڵ دەدا و دەیهەوێ لە بەرابەر گوشارە نێونەتەوەییەکاندا خۆڕاگر بێ.
ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران وتوویانە، مەترسییەکی گەورە لە پێشدایە، چونکە لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکانی ویەن، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرێ.
یەکێک لەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران بە ڕۆیتێرزی وتووە: ”دامەزراوە ناوکییەکانی ئێمە درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن و دەتوانین بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن درێژە بە کاری خۆمان بدەین و لە ئێستادا تۆپەکە لە زەویی ڕۆژاواییەکانە”.
تا ئێستا شەش دەورە لە وتووێژەکانی بەرجام بەڕێوە چووە، بەڵام دوای هاتنە سەر کاری “ئیبراهیم ڕەئیسی”، وتوویژەکان ڕاوەستاون، دواتر بەهۆی گوشار و هۆشداریی وڵاتانی ڕۆژاوایی بڕیارە دانیشتنەکان لە دوو حەوتووی داهاتوودا دەست پێبکەنەوە.
هاوکات ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکا کە ڕێگا بەو ڕێژیمە نادا دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات و ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەست لە سەرەڕۆییەکانی هەڵنەگرێ، هێرشی سەربازیی دەکاتە سەر.