پاش ئەوەیکە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە، جەواد غەفاری، فەرماندەی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە دەرکرد، عەلی عاسف، یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنان بوو بە فەرماندەی هێزەکانی سپای قودسی رێژیمی ئێران لە سووریە.
بەپێی راپۆرتی کاناڵی تەلەڤیزیۆنی” کان١١”ی ئیسرائیل کە ڕۆژی هەینی ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبوەوە، هاتووە کە پاش ئەوەیکە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە بەهۆی دەستێوەردانەکانی جەواد غەفاری لەسووریە و بردنە ژێر پرسیاری سەروەریی خاکی سووریە لەلایەن ناوبراوەوە، داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردبوو کە غەفاری لەسەر پۆستەکەی لاببەن و پاش دەرکرانی ناوبراو عەلی عاسف، خەڵکی لوبنان و ئەندامی حیزبوڵای لوبنان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرا بە فەرماندەی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
هەوڵدەریی ئەلعەرەبییە لەم پێوەندییەدا لەهەمبەر دەرکرانی غەفاری لە سووریە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە جەواد غەفاری دەیویست کە هێزەکانی سپای قودس بباتە بەرزاییەکانی جەولان لە سنووری ئیسرائیل و ئەم هەوڵانەی ناوبراو بوو بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر ئامانجگەلێک لە سووریە و لە کۆتاییدا بەشارئەسەد بڕیاری دەرکردنی ناوبراوی لە خاکی سووریە دەرکردوە.
هەرلەم پیوەندییەدا “ئاڤی پازنێر” دیپلۆماتی خانەنشینکراوی ئیسرائیلی وتوویە کە دەرکردنی فەرماندەی بالای هێزەکانی سپای قودسی رێژیمی ئێران لە سووریە، سەلمێنەری ئاڵوگۆڕێکی گرینگە لە پێوەندییەکانی نێوان سووریە و ئێران.
پازنێر لە دڕێژەدا دەڵێ: سووریە هەوڵدەدا بگەرێتەوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ جیهانی عەرەبدا و هەبوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە گەورەترین بەربەستە لە سەر رێگەی سووریە بۆ گەیشتنی بەو مەبەستە.