هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕەشبگیرییەکدا، ۲۰ هاووڵاتییان لە ٤ گوندی شاری بانە دەسبەسەر کرد.
ڕۆژی پێنجشەممه ۲۰ی خەزەڵوەری ۱٤۰۰ی هەتای، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بانە لە گوندەکانی چۆمان، کەوپێچ، نمەشیر و نجنێ، ڕەشبگیرئاسا نزیکەی ٢٠ هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.
لە ناو دەسبەسەرکراوەکاندا، تا ئێستا ناوی ئەم کەسانە دیارە: ڕەفیق پزیشکی، مەناف پزیشکی، سەلاح پزیشکی، جەمال مروەتی، سەعید ڕەشیدی، فەرزاد پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، لوقمان پزیشکی و عوسمان ئەحمەد لێفە.
شایانی باسە هێزەکانی ڕێژیم بە ئوتومبیلی ڕێکخراوی مانگی سوور و جلی مەدەنییەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە درۆن هەڵیانکووتاوەتە سەر ئەو گوندانە و وێڕای دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار و ئەزییەتی خۆیان و بنەماڵەکانیان داوە.