سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی نۆڤامبری ٢٠٢١، هەیئەتێکی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشداری لە دادگای نێونەتەوەیی جینایەتەكانی ڕێژیمی ئێران ( The Iran Atrocities Tribunal ) لە شاری لەندەن کرد.
دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناسراو بە دادگای خەزەڵوەر کە شەش قازی بەناوبانگ و دوو دادوەری جیهانی تێیدا بەشدارن، بە مەبەستی تاووتوێکردن و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران دژی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی و دوای بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین لە زۆربەی شارەکانی ئێران هاتە ئاراوە، لە شاری لەندەن پێکهێنراوە.
بەرێز “دروری دایک” یەکێک لە دادوەرەکانی دادگا بە ناردنی نووسراوە بۆ ١٣٣ کەس و سازمانی سەر بە ڕێژیم بە تاوانی «جینایەت دژی مرۆڤ یان جینۆساید» وە و هەروەها «پێشێلکردنی مافی مرۆڤ» لەوانە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی عەلی خامنەیی و حەسەن ڕووحانی و ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەو نووسراوانەی بۆ “عەلیرەزا کازمی ئەبەدی” باڵوێزی ئێران لە دادگای لاهەش ڕەوانە کردووە و داوای کردووە کە هەر بەڵگەیەکیان سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دادوەر ئاراستەی کردوون، بۆ دادگا بەڕێ بکەن.
لەو دادگایە کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە، ٤٥ کەس بە شێوازی حوزوری یان ئۆنلاین و ١٢٠ کەسیش بە نووسراوە شایەتی بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا دەدەن.
شایەنی باسە کە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای بەشداری لە دادگا، چەندین پرسی گرینگی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسی و مەدەنی تاوتوێ کرد.