مامۆستایانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە مامۆستایان و فەرهەنگییانی شارەکانی کرماشان و مەریوان لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەو دوو شارە کۆبوونەوەی ناڕازیەتییان بەڕێوە بردووە.
لەم پێوەندییەدا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ئێمە مامۆستایانی ناڕازی دەسەڵات ئاگادار دەکەینەوە بەبێ هیچ چەشنە باڵباڵێن و رەهەندێکی سیاسیی تاکەکەسی و بەبێ هەڵخەڵەتاندن و بۆ پێشگرتن بە گەندەڵی و داڕمانی پەروەردە و ڕاهێنانی وڵات، داواکارین کە بەرپرسان سەرەنج بدەن بە ویست و داخوازیی مامۆستایان و گوێ بدەن بە داواکارییەکانیان و کێشەکانیان چارەسەر بکەن”
هەر لەم پێوەندییەدا “چاونیوز” ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی خانەنشیکراوی ساڵی ڕابردوو، بە هۆکاری پێڕانەگەیشتنی داخوازی و داواکارییەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرییە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، لە بەردەم بینای بەڕێوەبەریی گشتیی بوودجە و پلاندانی ڕێژیم کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.