گەندەڵیی فەرمانبەران و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە دامودەزگاکانی ڕێژیم، جیا لە بێزارکردنی خەڵکی وڵاتی ئێران، تەنانەت خودی بەرپرسانی ڕێژیمیشی شڵەژاندووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، چوار کەس لە فەرمانبەران و پۆلیسی بەڕیوەبەریی شارەوانیی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن و دزیکردنەوە لە بینای شارەوانیی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.
لەم پێوەندییەدا، پێشتر هەواڵدەریی “فارسـ”ـی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو، کە چەندین کەس لە بەرپرسان و کاربەدەستان و فەرمانبەرانی بەڕیوەبەرایەتی شارەوانییەکان لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆکاری گەندەڵی و دزیکردنەوە، لەسەر کارەکەی خۆیان دەسبەسەر کراون.
جیا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێم و ناوچەکانی تری ئێران، ئەو گەندەڵییە سیستەماتیکەی کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم باڵی بەسەر شارەکانی ناوەندیش و بەتایبەت شاری تاران پایتەختی ئەو وڵاتەدا کێشاوە و خەڵکی ناوەند و تەنانەت لایەنگرانی ئەو ڕێژیمەش بەم هۆکارەوە هاواریان بەرز بووەتەوە.
شایانی باسە کە ئەم دیاردەیە لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمدا ڕەنگدانەوەی دیار و بەرەچاوی هەیە و بەهیچ شێوەیەک بۆیان ناشاردرێتەوە و لە هەندێ کاتیشدا کێشەی گەورەی لە نێوانیاندا سازکردووە.