هێزەکانی دەوڵەتی تورکیە ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی چڕتر بۆ سەر دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و هاوکات ئەگەری هێرشی دەوڵەتی سوریەش بۆ سەر ڕۆژاوا زۆرتر دەبێ.
ژنێراڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریەی دێموکراتیک “هەسەدە” لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: ئەردۆغان کەسێکی پێشبینینەکراوە و ڕاییڕاییە، ڕووسیە و ئەمریکاش بە ئێمەیان وتووە کە ئێمە گڵۆپی سەوزمان لەسەر هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر دەسەلاتی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵنەکردووە و بەپێچەوانەیشەوە ئێمە دژی هەر جۆرە هێرشێکی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانین.
هەروەها ژنێراڵ کۆبانی، لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی “ئەلمۆنیتۆر”ی وتووە: “ڕێژیمی سوریە هێشتا ئامادەی هیچ وتووێژێکی پۆزەتیڤ و دادپەروەرانە لەگەڵ ئێمەدا نەبووە و ئەگەری هێرشی هێزەکانی ئەوانیش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان زۆرە”.