ڕێکخراوی هەوڵە جیهانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینایەتە پلان بۆ داڕێژراوەکان لە ڕاپۆرتێکی بەڵگەمەنددا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ لە ڕێگەی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە بە شێوەیەکی قاچاخ هەناردەی بزوتنەوەی ئەلشەباب کە سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدەیە لە وڵاتی سووماڵی دەکات.
ڕێکخراوی هەوڵە جیهانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینایەتە پلان بۆ داڕێژراوەکان کە ڕێکخراوێکی لێکۆڵینەوەییە لە ژنێڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی بەڵگەمەندی خۆیدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاویکردۆتەوە باس لەوە دەکا کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیا حووسییەکانەوە چەکوچۆڵی قاچاخ دەنێرێتە سوومالی.
ئەوە یەکەمین لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییە کە قاچاخی چەکوچۆڵی ئێرانی بۆ بزوتنەوەی “ئەلشەباب”ی سەر بە گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە لە وڵاتێکی ئەفریقایی دەخاتە ڕوو.
لەدرێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بە پێچەوانەی بانگەشەی ڕێژیمی ئێران و ڕەتکردنەوەی هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ یەمەن و پاشان بۆ سوومالی لە ڕێگەی قاچاخەوە، بەڵگەگەلێکی زۆرمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ئێران چەکوچۆڵ وتەقەمەنی دەنێرێ بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و لەوێشەوە بە شێوەیەکی قاچاخ لە ڕێگەی “کەنداوی عەدەن”ەوە دەنێردرێتە وڵاتی سوومالی.