نەخشەڕێگەی “بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان” لەلایەن ڕێژیمەوە چۆتە قۆناغێکی نوێوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسی ناوەندی وەگەڕخستنەوەی “ئەمر بە چاکە و بەرگری لە خراپە” ڕایگەیاندووە: بڕیار وایە ڕشتەیەک لەو بارەوە لە ئاستی ماستێر و دوکتورا دابمەزرێ و ناوەرۆکی وانەوتنەوەی بۆ دابین بکرێ.
لەلایەکی دیکەوە “حەداد عادڵ” سەرۆکی فەرهەنگستانی زمانی فارسی ڕێژیم دەڵێ: هەموو ڕشتەکان وەکوو زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەوی، بە ئیسلامی بووە و بە ئیسلامیتریش دەکرێن.
لە ئێستادا زانستە مرۆییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بە شێوەی جیددی ئاوێتە بە ئایین دەکرێت و کۆمەڵناسی ئیسلامی و دەروونناسی ئیسلامی لە زانکۆکان وەک وانە دەوترێتەوە و هەروەها بۆ وتنەوەی ئەم وانانەش کەڵک لە ئاخووندەکان وەردەگیردرێ و بڕیار وایە کە ڕشتەیەکیش بە ناوی “ئەمر بە چاکە و بەرگری لە خراپە” دابمەزرێت و هەروەها لە درێژەی پرۆژەی بڕوانامەسازیدا، ماستێر و دوکتورای مەدداحیش لە زانکۆکان بکرێنەوە و ئەو کەسانەی کە پێشتر ناویان “بەرادەر، حاجی و بەسیجی” بوو لەوە بە دواوە بە دوکتور بانگیان لێدەکرێت.