کۆمەڵێک لە نوێنەرانی دەستنیشانکراوی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسی ئەو وڵاتە ڕەشنووسێکیان لەسەر گرانبوونی بێنزین ئامادە کردووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران؛ ٣٠ نوێنەری دەستنیشنکراوی ڕێژیم لە مەجلیس ڕەشنووسێکیان لەسەر گرانبوونی بێنزین لەو وڵاتە بۆ کۆبوونەوە ڕواڵەتییەکانی ئەو مەجلێسە ئامادە کردووە و بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجەی ڕێژیم و بۆشایییەکانی ئەم بوارە، داوای گرانکردنی بێنزین دەکەن.
ئەو کۆمەڵە نوێنەرە دەستنیشانکراوەی ڕێژیم کە لە ترسی کارانەوە و دژکردەوەی خەڵک نەیانویستووە ناویان بڵاو بکرێتەوە، بەشێکیشیان ئەندامی کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی مەجلیسی ڕێژیمن، بە میدیاکانی ڕێژیمیان ڕایانگەیاندووە کە ئامادەکردنی ئەو ڕەشنووسە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجەی وڵات و کەمکردنەوەی قەیرانەکانی ئەو وڵاتەیە.
یەکێک لەو نوێنەرانە کە ئەندامی کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی مەجلیسی ڕێژیمە ڕایگەیاندووە: “ئێمە دەزانین کە بە گرانکردنی نرخی بێنزین نیگەرانییەکانی خەڵک زیاتر دەبن، بەڵام بەم شیوەیە دەتوانین بە هاوکاریی دەوڵەت پێش لە گرانییەکانی تر بگرین”.
لە کاتێکدا هەژاری بەسەر خەڵکی وڵاتی ئێراندا زاڵ بووە و قەیرانەکان بەرۆکی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەیان گرتووە، بەرپرسانی ڕێژیم بە قەیرانی نوێ هەوڵی شاردنەوەی قەیرانەکانی تر دەدەن.