شاری “سیروان” سەر بە پارێزگای ئیلام لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەشە و تا ئێستا هەوڵی کاربەدەستان هەر لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.
ماوەی ٩ ساڵە بڕیارە شاری “سیروان” لە پارێزگای ئیلام بکرێت بە شارستان، بەڵام ئەو هەوڵە تەنیا لە ئاستی قسەدا ماوەتەوە.
زۆربەی ئیدارەکان لەو شارە بینای ئیداریی جیایان نییە و چەند ئیدارە پێکەوە لە بینایەکدا کار دەکەن و هاووڵاتییان بەهۆی تێکەڵبوونی ئیدارەکان زۆر جار تووشی سەرلێشێواوی دەبن و بەم هۆیەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
زۆربەی ئیدارەکان بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت ناچارن کارمەندی کەم دامەزرێنن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خزمەتگوزاریی ئیداری بە باشی بۆ خەڵک ئەنجام نەدرێت و هەروەها بەشێک لە ئیدارەکان بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت، خانوو بە کرێ دەگرن و بەم هۆیەوە هەر ڕۆژە و لە جێیەکدا جێگیرن.
شایانی باسە کە هەبوونی بینای جیا بۆ ئیدارەکان وەک داخوازییەکی سەرەکیی هاووڵاتییانی لێهاتووە و لەم بارەوە چەندین جار سکاڵایان تۆمار کردووە و تا ئێستا لەلایەن کاربەدەستانی پارێزگای ئیلام هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی شاری سیروان هەڵنەهێنراوەتەوە.