بەکرێگیراوانی ڕێژیم ئاسایش و ئەمنییەتی خەڵکیان لە شارەکانی سەقز و سنە تێک داوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی خەڵکی سەقز و سنە، کەڵک لە کەسانی چەقۆکێش وەردەگرێت؛ ئەو بەکرێگیراوانە سەرەڕای ئەوەیکە ڕۆژانە کێشە و گرفتی زۆر بۆ خەڵک سازدەکەن، دۆخێکیان خوڵقاندووە کە شەوانە هەر کەس بە مەبەستی کارێک بڕواتە دەرەوە، پێشیان پێ دەگرن و بە شێوازی جۆراوجۆر بێڕێزی بە خەڵک دەکەن و تەنانەت ئازاری کەسانی پیر و ژن و منداڵیش دەدەن. ئەو کەسانە کەشێکیان لەنێو ئەو دوو شاردا دروست کردووە کە نەک تەنیا ژنان، بەڵکوو پیاوەکانیش بە تەنیا ناوێرن سەردانی هەر شوێنێک بکەن و گیان و ماڵی خەڵک کەوتووەتە مەترسییەوە.
جێی ئاماژەیە کە تاکوو ئێستا چەندین جار هاووڵاتییانی ئەو دوو شارە لە شوێنە پێوەندیدارەکان سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەو کەسانە بەکرێگیراو و سەر بە ڕێژیمن هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.