پاش هەوڵە بێئاکامەکانی تێرۆری کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قائانی فەرماندی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە سەفەرێکی چاوەڕاوننەکراودا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
پاش ئەوەی کە لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو گرووپی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەوڵی تێرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی عێراقیان دا و سەرکەوتوو نەبوون، ئیسمائیل قائانی فەرماندی لقی قودسی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە سەفەرێکی چاوەڕاننەکراودا سەردانی عێراق کرد و لەگەڵ کازمیدا کۆ بوونەوە.
لە کاتێکدا دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی وڵاتی عێراق پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە ئاکامی لێکۆڵێنەوەکانیاندا دەرکەوتووە کە هێرشەکانی سەر کازمی لەلایەن دوو گرووپی میلیشیایی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بووە، چەند کاتژمێرێک پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی دەزگای هەواڵگریی عێراق، قائانی خۆی گەیاندە ئەو وڵاتە و لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسداران لە ژوورە داخراوەکاندا کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.
ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، هەواڵدەرییەکانی عێراق ڕایانگەیاند کە ئیسمائیل قائانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش کۆ بوونەتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کازمی ئیدانە و شەرمەزار کردووە.
شایانی باسە کە سەردانی ئەو فەرماندە تیرۆریستەی ڕێژیمی ئێران بۆ عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم و هاوکات کۆبوونەوە لەگەڵ کازمی، پلانێکی تری ڕێژیمی ئێران لە درێژەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمەیە لە ناوچەکە و هەروەها دووڕوویی سیاسیی ڕێژیمی ئێرانی زیاتر نیشان دەدات.