باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “حاجی حەسەن خورشیدی” لە ئاوایی “قاڕنجە”ـی ناوچەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی حەسەن خورشیدی باوکی دوو شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان بە ناوەکانی “فەتاح و سەلاح خورشیدی”، لە ئاوایی “قاڕنجە”ـی سەر بە شاری بۆکان، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان کرد.
شەهیدان فەتاح و سەلاح خورشیدی، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، دوای بەرگرییەکی بێوێنە چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە هەروەها حاجی حەسەن بۆخۆشی ماوەی چەند ساڵ لە رێزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا خەباتی کردووە و لە ناوچەدا کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵک بووە و دوو کوڕی دیکەشی لە شەڕی داگیرکەرانی نیشتماندا بە سەختی بریندار بوون و بوون بە کەمئەندامی سەنگەر.
لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی شۆڕشگێری حاجی حەسەن خورشیدی و هەموو خزم و کەسوکار و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.