کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕوحوڵڵا زەم لە بەرامبەر ئەفسەرێکی فەرانسە ڕادەستی ئێران کراوە.
ئەکبەر خۆشکوشک کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا بووە، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ”ڕوویداد ٢٤” لەهەمبەر چۆنیەتیی ڕادەستکردنی ”ڕوحوڵا زەم” بەڕێوەبەری ”ئامەد نیوز” کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کرا، زانیاریی خستووەتە ڕوو.
ناوبراو باس لەوە دەکا کە لە کاتی هێرشی داعش لە عێراق، ئەفسەرێکی ئەمنییەتیی فەرانسە کە بە ناوی ساختەیی و بە مەبەستی وەدەستهێنانی زانیاری ببووە ئەندامی داعش، لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و دوای لێکوڵینەوە شوناسی ناوبراو دەردەکەوێ.
ئەو ماڵپەڕە لە زاری ”ئەکبەر خۆشکوشک” کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کاری کردووە، نووسیویەتی، دەوڵەتی فەرانسە بۆ ئازادکردنی ئەو ئەفسەرە پێوەندیی بە ڕێژیمی ئێرانەوە گرتووە و لە بەرامبەریشدا ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی ”ڕوحوڵا زەم”ـی، کردووە و زەم لە سیناریۆیەکدا دەنێردرێتە عێراق و پاشان لەوێ دەسبەرسەر و ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە.
شایانی باسە کە ”ڕوحوڵا زەم” دژبەری ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری ”ئامەد نیوز” لە وڵاتی فەرانسە پەنابەر بوو؛ ناوبراو مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ ی هەتاوی، لە سەفەرێکدا بۆ عێراق دەسبەسەر کرا و بۆ ئێران ڕاگوێزرا و ڕەوانەی زیندان کرا و ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩ی هەتاوی، لەسێدارە درا.