بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژانە ٢ هەزار منداڵ لە ئێران لەبار دەبرێن، کە هەزار و ٣٠٠ حاڵەتیان نایاساییە.
“ئەمیرحوسێن بانکی پوورفەرد” دەڵێت: ڕۆژانە ٢ هەزار منداڵ لەبار دەبرێن، کە هەزار و ٣٠٠ حاڵەتیان نایاساییە.
“ئەمیرحوسێن بانکی پوورفەرد”، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تایبەت بە حەشیمەت دەڵێ کە ساڵانە لە ئێران ٤٠٠ هەزار منداڵ لە ڕێگەی نایاساییەوە لەباردەبرێن و ئەمەش بازرگانییەکی چەندین تریلیۆنی تمەنی لێکەوتووەتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئاماری نافەرمی باس لەوە دەکات کە ساڵانە نزیک بە ٦٠٠ هەزار منداڵ لەبار دەبرێ. لەلایەکی دیکەوە “ئەعزەم سادات مووسەوی”، سەرۆکی ئەنجومەنی پسپۆڕیی ژنان و منداڵبوون، هۆکاری جیاواز بۆ لەباربردنی منداڵ باس دەکات لەوانە کێشەی خێزانی، ئیش و کار، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هاوسەرگیریی زۆرەملێ.
ناوبراو دووگیانبوونی نەخوازراو بە یەکێک لە هۆکارە هەرە باوەکان بۆ لەباربردنی منداڵ دەزانێت لە حاڵێکدا کە لە ئێراندا لەباربردنی منداڵ نایاساییە و تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا، یاسا مۆڵەتی بە دایکان داوە کۆرپەکانیان لەبار ببەن.
بەپێی یاسا دایکان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا دەتوانن کۆرپە لەبار ببەن، ئەویش بەو مەرجەی کۆرپەکە کێشەی تەندروستی هەبێت یان لە ڕووی تەندروستییەوە مەترسی بۆسەر گیانی دایکی ببێ. هەڵبەت لەباربردنی منداڵ پێویستی بە مۆڵەتی پزیشک هەیە، لەباربردنی منداڵ لە ڕێگە نایاساییەکانەوە مەترسی بۆسەر گیانی دایکەکەش دروست دەکات و بە وتەی مووسەوی، ئەگەری خوێنبەربوون، نەزۆکی، مردن و تەنانەت نەخۆشییە دەروونییەکانیشی هەیە.