دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناسراو بە “دادگای خەزەڵوەر” لە شاری لەندەن لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کوشتارەکەی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی دەکا.
دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناوەندێکە کە لە وڵاتی بریتانیا دامەزراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتار، ئەشکەنجە و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی کە سەدان کەس لەژێر ئەشکەنجەدا بوونە قوربانی، دەکا.
هەیئەتی نێونەتەوەیی دادگای خەڵک کە بە “دادگای خەزەڵوەر” ناسراوە، دەیهەوێ بە ئامادەبوونی ٤٥ شاهید بەدژی زیاتر لە ١٣٠ بەرپرسی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نێوایاندا عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی، لێکۆڵینەوەی ورد بکا و داوا دەکەن بەرپرسانی جینایەتکاری ڕێژیم دەبێ بدرێن بە دادگا، لەبەر ئەوەی دەستیان هەبووە لە کوشتار و ئەشکەنجە و جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی و بە سەدان کەس لەژێر ئەشکەنجەی جینایەتکارانی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بوونەتە قوربانی.
ئەو ناوەندە لەلایەن سێ ڕێکخراوی “عەداڵەت بۆ ئێران، مافی مرۆڤی ئێران و پێکەوە دژی سێدارەین” دامەزراوە و لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا لە شاری لەندەن کۆبوونەوەکان بەڕێوە دەچن و سوورن لەسەر ئەوەیکە شاهیدی زۆرتر لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ بکەنەوە و بەپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم وەکوو خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی دادگایی بکرێن و لەبەر ئەوەی دەڵێن، ئەوان ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە کوشتار و ئەشکەنجەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی.