گرووپێکی هەکێری سەر بە رێژیمی ئێران بە ناوی”لیسیۆم”، وڵاتانی ئیسرائیل، عەرەبستان، مەراکش، توونس و هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاییان کردۆتە ئامانجی هێرشی سایبێری.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی جێروزالم پۆست کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە هێرشی سایبێری گرووپی” لیسیۆم” پێشتر ئاشکرا ببوو، بەڵام لەم دواییانەدا وردەکاریی زۆرتر لەسەر ئەو هێرشانە وەکوو ئەوەیکە ئەو گرووپە هێرش دەکەنە سەر چ کەسانێک لە چ ناوچەیەکی جوغرافیایی و چ پیشە و کۆمپانیاگەلێک دەکەنە ئامانج، بڵاو کراوەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە نوێیە ئەو گرووپە هەکێرە هێرشی سایبێری دەکەنە سەر هێڵی ئینتێرنێت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی کەرەستەی ئینتێرنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا ئەو هێرشانە بەردەوامە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە گرووپی هەکێری” لیسیۆم” لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییەوە تا ئێستا دامەزراوە گرینگە ستراتیژیکەکان وەکوو کۆمپانیای نەوت و گاز، ئیدارەی موخابەرات و هێڵی ئینتێرنێت دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی.